وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژی سزاکانی ئەوروپا هاتە دەنگ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژی بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە ژەهرخواردکردنی کچە خوێندکارەکان لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە دەنگ و ئەوروپا بە پارێزەری تاوانباران پێناسە دەکات.

ناسر کەنعانی، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە دوای بریارنامەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ئێران لەبەرامبەر ژەهرخواردکردنی کچە خویندکارەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت لێکۆڵینەوەیان دەستپیکردوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت: ئێران لە ئاستە بەرزەکانی وڵاتدا جیددییە ئەم بابەتە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تیمە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی تەندروستیش بە جددی درێژە بە توێژینەوەی مەیدانی و زانستی خۆیان دەدەن، دەرکردنی بڕیارنامەیەک لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا و دووبارەکردنەوەی لە تۆمەتی درۆ و بێ بنەما دژی وڵاتەکەمان جێگەی سەرسوڕمانە.

کەنعانی ڕاشیگەیاند: دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەستنیشان کراون و لە ڕاستیدا سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دەبێ داواکار بێت لەم کارە گوماناوی و نامرۆڤانەیەدا.

وتیشی: پەرلەمانی ئەوروپا بووەتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە دژی نەتەوەی ئێران و پڕۆژەی ئێرانۆفۆبیا بۆ ئەم کەسایەتییە گوماناوی و توندڕەوانە

وتەبێژی ئیدارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە: پەرلەمانی ئەوروپا جارێکی دیکە بەناوی مافەکانی مرۆڤەوە هەڵدەستێتەوە بۆ بەرگریکردن لە هەمان تاوانباران و داوا دەکەن سزا نەدرێن.

ها-ع

Comments are closed.